هاوپه‌یمانان: ئامادەین بۆ هەر هاوکارییەکی پێویست بۆ پێشمەرگە

هەولێر- نۆرس پرێس

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازیی لە جەنەراڵ مایکل ئیکەر، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە بەرپرسی ئۆفیس هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئامادە بوو، بریکاری وەزارەت جەختی کردەوە لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و پێکەوەکارکردن لەگەڵ ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، هاوکات دواپێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، پرسی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتری هاوپەیمانان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

جەنەڕاڵ مایکل ئیکەر، دووپاتی کردەوە کە هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردن و پێشکەشکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوەش دا کە خوازیاری کارکردنی زیاترن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم ڕووەشەوە ئامادەییی هەر هاوکارییەکی پێویستن.

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونی کردەوە کە دڵخۆشن بە دەرئەنجامەکانی ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و قۆناغەکانیش لە کاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە کە دواجار بە سوودی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت و هەنگاوێکیشە بۆ بنیادنان و دروستکردنی هێزێکی تۆکمەی نیشتیمانی کە جێگەی ڕەزامەندیی هەمووان بێت.