تۆپبارانی یەکدی و هێرشەکانی ڕووسیا ئەو ناوچانە دەکەنە ئامانج کە لەلایەن “دەستەی تەحریر شام”ەوە کۆنترۆڵکراون

ئیدلب – نۆرس پرێس

ئەمرۆ سێشەممە، فرۆکە جەنگییەکانی رووسیا، هێرشە ئاسمانییەکانی خۆیان بۆ سەر ئەو ناوچانە نوێکردەوە کە لەلایەن دەستەی تەحریر شام (پێشتر بەرەی نوسرە) کۆنترۆڵکرابوون، لە جەبەل ئەلزەویە لە باشووری ئیدلب، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنی تۆپبارانی یەکتر لە نێوان هەردوو لاوە لە ناوچەکە بەردەوامی هەیە.

سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمرۆ فرۆکە جەنگییەکانی روسیا هێرشە ئاسمانیەکانیان بۆ سەر شارۆچکەی ئەلفاتیرە لە جەبەل ئەلزەویە لە باشووری ئیدلب نوێکردەوە، بە نزیکەی 5 هێرشی دووجار بە مووشەکی تەقینەوە بەرز.

ئەوەشی خستۆتەروو، هێرشەکانی روسیا هاوکات بووە لەگەڵ تۆپبارانی توند و مووشەک لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی ئەلفاتیرە، کفر عەوید، سوفوهین، کانسافرە و جەرگەی ئەلبارا لە جەبەل ئەلزەویە لە باشووری ئیدلب .

نیوەشەوی رابردوو، هێزەکانی حکومەت بە زیاتر لە 300 تۆپ و مووشەک شارۆچکەکانی کفری عەوید، سوفۆهن و ئەلفاتیرەیان کردە ئامانج. هاوکات رێکخراوی بەرگری شارستانی سوریا کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە کار دەکات، رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی حکومەت و روسیا بۆ سەر باکووری رۆژئاوای سوریا لە دوای ساڵی 2019ەوە تا ئێستا 55 کەس کوژراون و سەرەتای ئەمساڵیش زیاتر لە 209 کەسیش برینداربوون