یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 88 دۆلارە و90سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور، بە 90 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بە 1938 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 34 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 89 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەرچەندە سعودیە و رووسیا، دوو بەرهەمهێنەری گەورەی نەوت کە سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس دەکەن، رایانگەیاندووە تاوەکو مانگی 10ـی ئەمساڵ بەردەوام دەبن لە کەمکردنەوەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت، بەڵام نیگەرانی لە رەوشی ئابووری چین هێشتا گوشاری لەسەر بازاڕی نەوت دروستکردووە و بووەتە هۆکاری ئەوەی کە نرخی نەوت بە ئەستەم بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.

شرۆڤەکارانی کۆمپانیای راوێژکاریی ING لەوبارەیەوە رایانگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت سعودیە و رووسیا بەردەوام بن لە کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت و، پێناچێت ئەو دوو وڵاتە بەمزووانە دەستبەرداری سیاسەتی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکانی نەوت بن.

رۆژی دووشەممە ئاماری ئەرێنی لەسەر کەرتی پیشەسازیی چین بڵاوبووەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئاماری نوێ لەسەر کەرتی خزمەتگوزاری چین بڵاوبووەوە و تێیدا دەرکەوت؛ گەشەی کەرتی خزمەتگوزاری لەو وڵاتە خاوبووەتەوە بۆ کەمترین ئاستی هەشت مانگی رابردووی، ئەمەش بازرگانانی نەوتی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت لە داهاتوو کەمدەبێتەوە.

 ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی زێڕ لە دەوروبەری بەرزترین ئاستەکانی یەک مانگی رابردوو مامەڵەی پێوەکرا و، هەر ئۆنسەیەکی بە 1938 دۆلار بووە.

بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و دابەزینی متمانەی بەکارهێنەران لە ئەمریکا، بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی زێڕ بە گەشبینییەوە مامەڵە بە زێڕ بکەن، بەوپێیەی چاوەڕوان دەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی رۆژانی 19 و 20ی ئەم مانگەدا، سیاستی نەختی خۆی نەگۆڕێت.

هەرچەندە بانکی ناوەندی ئەمریکا لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە بۆ سەرووی 5٪ بەڵام پێدەچێت ئەم مانگە بەردەوام نەبێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.

بەرزنەکردنەوەی سوودی بانکی دەکرێت ببێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان.