دێرەزوور.. “هەسەدە” نزیکە لە پاککردنەوەی یەکجاریی شارۆچکەی زیبان و سەرانی “دیفاع وەتەنی” خۆیان رادەست دەکەن

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، نزیکبوونەتەوە لە تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوەی شارۆچکەی زیبان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، نیوەی شارۆچکەکە کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانانی “هەسەدە”وە، دوای ئەوەی رووبەڕووی هێرشی گروپە چەکدارەکان بوونەتەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، فەرهاد ئەلشامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە” رایگەیاند کە هێزەکانیان گوندی ئەلحەوایجیان لە شارۆچکەی زیبان کۆنترۆڵکردووەتەوە و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ چوونە ناو شارۆچکەکەوە.

سەرچاوە سەربازییەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە شەڕڤانان هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانیان پووچەڵ کردوەتەوە و 12 چەکداری گروپە ئاژاوەگێڕەکانیان کوشتووە و ژمارەیەکی دیکەیان دەستگیرکردووە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گروپەکانی “دیفاع وەتەنی” سەر بە رژێمی ئەسەد لە دەروازەی شارۆچکەی زیبان خۆیان رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان