رێکخراوی یونسکۆ کوژرانی رۆژنامەنووسێک لە رۆژئاوای کوردستان شەرمەزار دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئۆدری ئازوولای، بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ، کوژرانی رۆژنامەنووس “نەجم الدین فەیسەڵ حاج سینان”ی شەرمەزار کرد، کە مانگی رابردوو لە هێرشی درۆنێکی تورکیادا لە رۆژئاوای کوردستان گیانی لەدەستدا.

رۆژی 23ی ئابی رابردوو، بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە لە نزیک شاری قامشلۆ “نەجم الدین فەیسەڵ حاج سینان”، کارمەندی تەلەفزیۆنی “ژن تیڤی” شەهید کرا و پەیامنێری کەناڵەکە “دەلیلە عەگید” لە هەمان هێرشدا بە سەختی بریندار بوو، لە کاتێکدا کە لە ئەرکی رۆژنامەوانیدا بوون.

بەڕێوەبەری یونسکۆ (رێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و رۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان) لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: “بەداخەوەم بۆ کوشتنی نەجم الدین فەیسەڵ حاج سینان، داواکاری خۆم بۆ دەسەڵاتداران دووپات دەکەمەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی رۆژنامەنووسان و پیشەگەرانی بواری میدیا و کارمەندانی پەیوەندیدار، لە دۆخی شەڕی چەکداریدا، بە پابەندبوون بە بڕیارنامەی 2222ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە”.

ئازوولای داوای کرد لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکرێت و بەرپرسانی ئەو هێرشە بدرێنە دادگا.

بەپێی داتاکانی یەکێتی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی، فەیسەڵ حاج سینان 17هەمین کارمەندی راگەیاندنە کە لە ساڵی 2023دا کوژرابێت.

لە راگەێنراوی یونسکۆدا هاتووە کە کار لەسەر بەرزکردنەوەی سەلامەتی رۆژنامەنووسان دەکرێت، لە ڕێگەی هۆشیاری جیهانی و بنیاتنانی توانا و هەماهەنگی جێبەجێکردنی پلانی کارکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە سەلامەتی رۆژنامەنووسان و پرسی خۆدزینەوەی ئەنجامدەرانی لە سزا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر