هێزەکانی سوریای دیموکرات شارۆچکەیەکی سەر بە دێرەزوور پاکدەکەنەوە و چەند ئەندامێکی “دیفاع وەتەنی” دەستگیر دەکەن
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنتڕۆڵکردنی گوندی “ئەلحەوایج”ی سەر بە شارۆچکەی “زیبان”یان لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند، هاوکات بەرەو شارۆچکەکە پێشڕەوییان کرد بۆ سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیری دوای ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە بینی.
فەرهاد ئەلشامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە”، چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا شەڕڤانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەردەکەون لە شارۆچکەکانی شحێل و زیبان.
دوێنێ ئەلشامی وێنەی شەڕڤانانی لە دەروازەی شارۆچکەی شحێل بڵاوکردەوە، کە لە ماوەی پێشوودا دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” تێیدا چالاک بوو و ناوچەکەیان وەک پەناگەی چەکدارە “یاخییە”کانیان بەکاردەهێنا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئەلشامی لە راگەێنراوێکدا رایگەیاند، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات گوندی ئەلحەوایجی سەر بە شارۆچکەی زیبانیان لە “ئاژاوەگێڕەکان” پاککردۆتەوە، کە دەکەوێتە سەر شەقامی سەرەکی شارۆچکەکە، ئاماژەی بەوەشکرد هێزەکانیان 4 ئەندامی “دیفاع وەتەنی”یان لە کاتی پێکدادانەکاندا دەستگیرکردووە.