لەماوەی دوو رۆژی رابردوو لە سودان 25 هاوڵاتى کوژراون

هەولێر – نۆرس پرێس

سوپای سودان رایگەیاند، پێکدادان و رووبەڕووبونەوەکان لەچەند شارێکی سودان بەردەوامە و لەماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا 25 هاوڵاتی کوژراون.

لە پێکدادانانەی ئەمڕۆ، لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانى پاڵپشتى خێرا، لەناوەندی شاری ئومدەرمان و ناوچەکانی باشووری دارفۆر روویانداوە و  تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

 لەماوەی 48 کاتژمێری رابردوو، بەلایەنی کەم 25 هاوڵاتی کە منداڵیشیان تێدایە لەباشووری خەرتومی پایتەخت کوژراون.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرزیش، سوپای سودان لەدوای ئەوەی رەتیکردەوە، لەگەڵ هێزی پاڵپشتی خێرا بگەنە رێگەچارە، رۆژی یەکشەممە هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ئەو رێگایەی ئەو هێزانە هاتووچۆی تێدا دەکەن.

نەتەوەیەکگرتوەکان، لە راپۆرتێکیدا باس لەزیانەکانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی سودان دەکات و دەڵێت، تا ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن هاوڵاتی بەو هۆکارە ئاوارە بوون.