مەزڵوم عەبدی: لە ئالۆزییەکانی دێرەزووردا هاوپەیمانان پشتیوانی ئاسمانیان پێشکەش بە هەسەدە دەکرد
هەولێر – نۆرس پرێس
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند، پلانەکانی رژێمی سوریایان ئاشکراکردووە کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە، گوتیش جموجۆڵی ئەمریکییەکان لە ناوچەکانی هەسەدە لە ژێر چاودێری ئەواندا ئەنجام دەدرێت.
مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیە ئەلحەدەس وتی، هەندێک گروپی چەکدار کە لەلایەن “رژێمی سوریا”ەوە پشتیوانی دەکرێن لە رۆژئاوای فوراتەوە لە پارێزگەی دێرەزوور دزیانکردووە بۆ نێو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆلی بەرێوبەرایەتی خۆسەر.
فەرماندەی هەسەدە، ئاماژەی بەوەدا کە واشنتۆن داوای چارەسەری ئاشتیانەی ئالۆزییەکانی دێرەزوور کرد، کۆبوونەوەی بەرفراوانی لەگەڵ “هەسەدە” ئەنجامداوە، روونیکردەوە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانی ئاسمانی بۆ “هەسەدە” لە دژی چەکدارانی دێرەزوور دابینکردووە.
عەبدی لەمیانی دیدارەکەدا، ئاماژەی بەوەدا کە لەکاتی ئالۆزییەکاندا پەیوەندییان لەگەڵ شێخی هۆزەکانی دێرەزوور هەبووە، ئەوانیش ویستوویانە دۆخەکە بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە خێڵە عەرەبەکان لە ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر نایانەوێت بگەرێنەوە ژێر هەژمونی “رژێمی سوریا”.
عەبدی ئاشکرایکرد، کە زانیاری گەیشتووەتە دەستی “هەسەدە” کە ئەمریکییەکان ئارەزووی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لەسەر سنوور سوریا – عێراق نییە.
جەنەراڵ مەزلۆم عەبدی جەختیکردەوە کە تورکیا هانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا داوە، بۆ ئەوی هێرش بکەنە سەر هێزەکانی هەسەدە لە شارۆچکەی مەنبج، هەروەها “سوپای سوریا” لە کاتی هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکان بۆ سەر مەنبج لەو ناوچانە کشاوەتەوە کە پێشتر لێی جێگیربوو.