تورکیا خەندەقێکی 15  کیلۆمەتری لە نێو خاکی سوریا هەڵدەکەنێت

ئیدلب – نۆرس پرێس

سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆن ئاشکرایان کردووە کە هێزەکانی تورکیا خەندەقێکیان هەڵکەندووە کە درێژییەکەی زیاتر لە 15 کیلۆمەتر بووە لە نزیک رێگای نێودەوڵەتی حەلەب- لازقییە کە بە M4″ئێم فور” ناسراوە، ئەم کارەی هێزەکانی تورکیا لە کاتێکدایە کە بۆردومانی سەر ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەلایەن فرۆکەکانی سوریا و رووسیا چڕتربوونەوە.

ئەو سەرچاوانە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، هێزەکانی تورکیا کە لە زیاتر لە 40 خاڵی سەربازی لە ئیدلب جێگیرکراون، نزیکەی 20 رۆژە سەرقاڵی هەڵکەندنی خەندەقێکن کە درێژییەکەی زیاتر لە 15 کیلۆمەتر دەبێت لە تەنیشت رێگەی نێودەوڵەتی حەلەب- لازقییە، لە شارۆچکەی ئەشتەبراقەوە لە گوندەواری جسر شوغور لە رۆژئاوا تا گوندی زیادەیە لە رۆژهەڵات شارۆچکەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خەندەقە پانییەکەی زیاتر لە چوار مەتر و قوڵاکەی زیاتر لە سێ مەترە.

هەڵکەندنی خەندەقەکە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە هاوکاتە لە گەل توندبوونەوەی پێکدادانەوەی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پشتەوانی رووسیا لە گەل گروپە چەکدارەکانی ئۆپزسیۆنی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتەوانیان دەکرێت.