بۆردومانی چڕی تورکیا بۆ سەر گوندەواری تل تەمر و شاری کۆبانی و گوندەواری باکووری حەڵەب

قامیشلۆ- نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سێشەممە، هێزەکانی تورکیا بە تۆپ و دوورهاوێژەکانیان گەڕەکەکانی ناوەڕاستی کۆبانی و گوندەواری شارەکە و گوندەکانی گوندەواری تل تەمر و باکووری حەسەکە و ئەو گوندانەی سوپای سوری تێدایە لە گوندەواری باکووری حەڵەب، کرد بە ئامانج.

په‌یامنێری نۆرس پرێس رایگه‌یاند، تۆپبارانەکانی توركیا ئۆتۆمبیلێكیان له‌ نزیك بنکەی هێزه‌كانی ئاسایشی رۆژئاڤا له‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌ی كردووه‌ته‌ ئامانج.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێنج گوله‌تۆپ بەر‌ گه‌ڕه‌كی “شەهید‌ بیمان” له‌ ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌، کەوتوون، ئەمەش هاوكات بوو‌ له‌گه‌ڵ تۆپبارانكردنی چڕی تۆپخانه‌كان بۆ سه‌ر گونده‌كانی “بۆبان، ئه‌شمه‌، سفته‌ك، سیلم” له‌ گوندەواری رۆژئاوای شاره‌كه‌.

پەیامنێرمان بینیویەتی کە چۆن دانیشتووان لە گەڕەکە سنوورییەکانەوە بۆ گەڕەکەکانی ناوەندی شار دەگوازنەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی تۆپبارانکردنی هەڕەمەکی گەڕەکەکانی ناوچەی چڕی دانیشتوان.

په‌یامنێری نۆرس پرێس له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی توركیا و گروپە‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزیان  بە تۆپ و هاوەنی قورس گونده‌كانی “ئەلته‌ویله‌، کوزلیه‌، تل لبن، ئوم ئەلخێر و ئه‌لسه‌لمه‌سە” یان كردۆته‌ ئامانج له‌ گوندەواری تل تەمر لە باکووری حەسەکە.

سەرچاوەیەکی دیکە لە گوندەواری باکووری حەڵەب، ڕایگەیاندووە کە تۆپخانەکانی تورکیا بە شێوەی پچڕپچڕ گوندی ئەبین کە سەر بە ناحیەی شێروایە لە باکووری حەڵەب تۆپباران دەکەن و تا ئێستاش بۆردومانەکە بەردەوامە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، گولەتۆپ لە دەوروبەری گوندەکە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییە چۆڵەکان کەوتوونەتە خوارەوە.

لە لایەکی ترەوە سەرچاوەیەکی پزیشکی لە کۆبانیەوە بە نۆرس پرێسی وت کە بە هۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە بۆ ناوەندی شاری کۆبانی منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ بە ناوی (خەلیل جیهاد شێخۆ)  لە سەریدا بریندار بووە.

هەروەک پەیامنێری نۆرس پرێس لە کۆبانیەوە وتی گولەتۆپێکی تورکیا بەر نەخۆشخانەی کۆبانی کەوتووە، هەروەک راشیگەیاند کە سێ گولەتۆپی تورکی بەر گوندی قەرەموغ  کەوتووە لە رۆژهەڵاتی شاری کۆبانی.