بەرێوبەرایەتی خۆسەر بە تێچووی 8 ملیۆن دۆلار 399 پڕۆژە لە هەرێمی جەزیرە جێبەجێدەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی جەزیرە رایگەیاند، ئەمرۆ دووشەممە، هەوڵی تەواوکردنی 399 پرۆژە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخان و پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ دانیشتوان جێبەجێدەکرێت.
سلێمان عەرەب، هاوسەرۆکی دەستەی کارگێری لە بەرێوبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکرد، “بەپێی ئەو بودجەیەی بۆمان دانراوە بۆ ساڵی ئێستای 2023 بۆ پرۆژەکان و بەگوێرەی ئەوەی خزمەت بە کۆمەڵگا دەکات، 8 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە، لەو ژمارەیەش 3 ملیۆن دۆلار تەرخانکرابوون بۆ پرۆژەی راکێشانی ئاو لە عامودە بۆ حەسەکە و 5 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی 399 پرۆژەی خزمەتگوزاری لەسەر جوگرافیای هەرێمی جەزیرە.
سەبارەت بەو کارانەی کە تاوەکو ئێستا بە ئەنجام گەیشتوون، ئەو بەرپرسەی دەستەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر گوتی: “شارەوانیەکان بەپێی ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخانکراوە پرۆژەکانیان جێبەجێکردووە، هەروەها پرۆژە سەرەکییەکانیش قیرکردنی رێگاکان بوون، بەو پێیەی ژمارەیان گەیشتووەتە 69 پرۆژە و نزیکەی 800 هەزار دۆلار بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە تەرخانکرا”.
رۆژی 3ی ئابی رابردوو، کۆمسیۆن بە فەرمی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پرۆژەی راکێشانی ئاوی خواردنەوە لە گوندی سەنجاک سەعدون و گوندی کەندوور لە باشووری عامودە بۆ حەسەکە راگەیاند، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی خواردنەوە ئاو بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە حەسەکە، جگە لە گوندەکانی دەوروبەری.
هاوسەرۆکی دەستەی کارگێری بەرێوبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی بەوەکرد، پرۆژەی راکێشانی ئاو لە عامودا وە بۆ حەسەکە یەکێکە لە گەورەترین پرۆژەکانی دەسەڵات، ئاماژەی بەوەشکرد، میکانیزمی کارکردن “نایابانە” و ئاستی هەڵکەندن بۆ ئاو زۆر باشە.