بەڕێوبەریی خۆسەریی لە دێرەزوور بەرپرسیارێتی ئاژاوەگێڕییەکان دەخاتە ئەستۆی رژێمی سوریا

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوبەریی خۆسەریی لە دێرەزوور، “رژێمی سوریا”ی بە بەرپرسیار زانی لە کردەوە تێکدەر و ئاژاوەگێڕیەکان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی شارەکە روودەدەن، کە دەروازە نایاساییەکان بەکاردێنن بۆ گواستنەوەی چەکدار و چەک بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و لەناوبردنی ماڵی و موڵکی خەڵک، بەپێی راگەێنراوەکەی خۆسەریی.

محەممەد ئەلڕەجەب، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور، گوتی: “هێزەکانی رژیم و ئەو هێزانەی کە شوێنیان کەوتوون، دەروازە نایاساییەکانیان وەک رێڕەوی پەڕینەوەی چەکدارەکان و هێڵی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی و لۆجستی بەکاردەهێنن”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، “ئەو گروپانە، کار دەکەن بۆ هاندانی تیرۆر و بڵاوکردنەوەی پشێوی و لەناوبردنی سیستماتیکی موڵک و ماڵی گشتی، لەژێر دروشمی نەتەوەیی و وێناکردنی ئەوەی روودەدات وەک ململانێی عەرەب و کورد”.

لە راگەێنراوەکەدا پاڵپشتی لە هەوڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی “هەسەدە” کراوە لە تەواوکردنی ئەرکەکانیدا لە “بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو لایەنانەی کە زیان بە پەیکەری کۆمەڵایەتی دەگەیەنن”.

داواشیان لە خێڵەکان کردووە بەرپرسیارێتی نیشتمانی لە ئەستۆ بگرن، بەهەمان شێووە داواشیان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد، کە پاڵپشتی هێزە سەربازییەکان بکەن بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانیان و سەرکەوتنیان. ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان