دۆزینەوەی تەرمی پێنج ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە بیابانی حومس

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، کاروانێکی سەربازی هێزەکانی حکومەتی سوریا، تەرمی پێنج لە ئەندامەکانیان دۆزیەوە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بێسەروشوێن بوون، لە شارۆچکەی ئەلسوخنە لە رۆژهەڵاتی حومس، رۆژهەڵاتی سوریا.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی حکومەتەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، شوانەکان کاروانێکی هێزەکانی حکومەتیان لە بوونی تەرمی پێنج سەرباز لە بیابانی ئەلسوخنە لە رۆژهەڵاتی حومس ئاگادار کردوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پێنج تەرمە سەر بە ئەندامانی فیرقەی 18ی هێزەکانی حکومەتن، کە لە بۆسەیەکی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”دا، لە ناوەڕاستی بیابانی ئەلسوخنە رفێندراون.

شانەکانی “داعش” بە شێوەیەکی بەرفراوان لە بیابانی ئەلسوخنە بڵاوبوونەتەوە، کە هێزەکانی حکومەت بەردەوام کاروانی سەربازی لەو ناوچەیە ئەنجام دەدەن، سەرەڕای هەڵمەتە ئەمنییە بەردەوامە بێئەنجامەکان بۆ کێوماڵکردنی بیابانەکە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر شانەکانی “داعش” لە بۆسەیەکدا لە بیابانی حومس چەند ئەندامێکی هێزەکانی حکوومەتی رفاند.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان