دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات “هەسەدە” رایانگەیاند، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئیتیان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لیوا جۆیڵ فۆیل، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی “توانای پۆڵاین” ئەنجامداوە، کە مەبەست لێی گفتۆگۆکردن بووە لەبارەی بارۆدۆخی دێرەزوور و دەستتێوەردانە دەرەکییەکانەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی “هەسەدە”، لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندەیی “هەسەدە” و پیاوماقوڵانی ناوچەکە کە هاوڕابوون لەگەڵیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئامادە بوون.
لە راگەیێندراوەکەی “هەسەدە”دا هاتووە، کە هۆزەکانی ناوچەکە لەبارەی دابینکردن و بەهێزکردنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە یەکڕیز و یەکهەڵوێست بوون.
هەروەها ئەوەسیان خستوەتەڕوو، کە “هێزەکانیان شارۆچکەی ئەلبەسیرە و بەشێکی زۆری شارۆچکەی شحێلیان کۆنترۆڵکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە شارۆچکەی زووبان ئۆپەراسیۆنەکە یەکلایی ببێتەوە.”
ئاماژەشیان بەوە کردووە، “ئیبراهیم ئەلهەفەل لەلایەن هێزەکانیانەوە داواکراوە، لەبەرئەوەی بووەتە هۆی رشتنی خوێنی شەڕڤانەکانیان و ئاوارەکردنی هاوڵاتییانی سڤیل و لەنێوبردنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و نانەوەی فیتنە و دووبەرەکی لە بەرژەوەندی و لەسەر داوای لایەنە دەرەکییەکان”.
لە رۆژی 27ی ئاب، دوای دەستگیرکردنی “ئەبوخەولە”، فەرماندەی پێشووی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور، بارۆدۆخی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئەو پارێزگایە کە لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە، ناجێگیرە.
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی شارۆچکەی شحەیلیان راگەیاند لە گوندەواری دێرەزوور و راشیانگەیاند کە بەرەو شارۆچکەی زیبان پێشڕەوی دەکەن.