دەستەی ژنان لە بەرێوبەرایەتی خۆسەر کوشتنی پێنج منداڵ ئیدانە دەکەن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمرۆ یەکشەممە، دەستەی ژنانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی جەزیرە، ئیدانەی کوژرانی پێنج منداڵی کرد کە دوو رۆژ لەمەوبەر لەئەنجامی بۆردومانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی نزیک لە تورکیا، لە گوندواری منبج لە باکووری سوریا گیانیان لە دەستدابوو.

گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، رۆژی هەینی 1\9\2023هێرشێکی زەمینییان بۆ سەر گوندەواری باکووری شارۆچکەی مەنبج لە باکووری سوریا دەستپێکرد و بەهۆیەوە پێنج منداڵ لە گوندی موحسینلی کوژران.

هاوکات دوێنێ ئێوارە، لەئەنجامی هێرشێکی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ سەر باکوری مەنبج، ژنێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسیش برینداربوون.

لە راگەیەندراوەکەدا کە لەبەردەم بارەگای دەستەی ژنان لە شاری قامشلۆ خوێندرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە دانیشتووان بە منداڵەوە لەلایەن چەکدارانی لایەنگری تورکیاوە دەرفێنرێن و دەکوژرێن و دەترسێنرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هێشتا چەند رۆژێک بەسەر رۆژی جیهانی ئاشتیدا تێنەپەریووە، تورکیا و بەکرێگیراوەکانیش بە ئەنجامدانی ئەم بۆردومانکردنە خوێناوییە دژی منداڵان، پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخەن، جگە لە کوشتنی ژنێکی حەفتا ساڵان و رفاندنی کورەکانی لە باکووری مەنبەج.”

دەستەکە لە بەیاننامەکەیدا داوای لە “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە پەیوەندییان بە بەرگریکردن لە مافەکانی منداڵانەوە هەیە، بێدەنگی خۆیان بشکێنن و ببنە ئامرازێک بۆ فشار بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتنی منداڵان”.

هەر لەو چوارچێوەدا، جولیا خلۆ، وتەبێژی “کۆمەڵەی ستێرک” بۆ مافەکانی منداڵان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، کوشتنی ئەو منداڵانە لەلایەن تورکیا و گروپەکانی، پێشێلکردنی سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

جولیا خلۆ لە لێدوانێک بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، ئەمە یەکەم جار نییە خەڵکی مەدەنی و منداڵان ببنە قوربانی بۆردومانەکانی تورکیا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.