فەرماندەی کودەتاچییەکانی گابۆن: ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کراوە

هەولێر – نۆرس پرێس

فەرماندەی کودەتاچییەکانی گابۆن رایگەیاند “ئەوەی ئێمە کردمان کودەتا نەبوو بەڵکو کارێکی پێویست بوو” دەشڵێت، یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دەردەکەن و چاکسازی ئەنجامدەدەن.

بریس ئۆلیگی ئەنگیما، فەرماندەی کودەتاچییەکانی گابۆن لە یەکەم لێدوانیدا لەپاش کودەتاکەی 30ی ئاب بەسەر عەلی بۆنگۆ، سەرۆکی وڵاتدا لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا ئەوەی خستەڕوو، لەم هەڵبژاردنەی پیشوودا کە عەلی بۆنگۆ یەکەمی بەدەستهێنا، ساختەکاری ئەنجامدراوە هەربۆیە یاسای هەڵبژاردنەکان نوێ دەکەنەوە و گۆڕانکاری تیادا ئەنجام دەدەن.

فەرماندەی کودەتاچییەکانی گابۆن دەشڵێت” دەستوری نوێ بۆ وڵاتەکە دادەنێین” راشیگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە حکومەییەکان کاتییە و دوای ئەوەی جارێکی دیکە رێکدەخرێنەوە بە رێرەوێکی دیبلۆماسی تر، هەموو دامەزراوە حکومەییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی کارەکانیان دەستپێدەکەنەوە.

هاوکات، پاڵپشتی خۆی بۆ ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین بەبێ هیچ مەترسی و سنورێک دەربڕیوە.

لە 2ی ئەیلوولیشدا، دوای چوار رۆژ لە کودەتاکە، بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی سەربازیی وڵاتەکە سنوورەکان کرانەوە.