هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داوا لە هەموو لایەک دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە “لایەنە زیانبەخشەکان” لە دێرەزوور
قامشلۆ – نۆرس پرێس
هێزی ئەرکی هاوبەش – ئۆپەراسیۆنی توانای پۆڵاین، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە داوایان لە هەموو لایەک کرد، کە خۆیان بەدوور بگرن لە “لایەنە زیانبەخشەکان” لە دێرەزوور کە نەهامەتی بەسەر دانیشتوانی دێرەزووردا دەهێنن.
نۆرس پرێس هەواڵی لە سەرچاوە جیاوازە ئەمنییەکانەوە دەستکەوتوو، کە “ئەمنی عەسکەری” و “نەواف ئەلبەشیر”، فەرماندەی میلیشیای “ئەسود عەشائر”، کە سەر بە هێزەکانی رژێمی سوریان و نزیکن لە سەرکردەکانی ئێرانەوە، لە پشت پێکدادان و ئاڵۆزییەکانی دێرەزوورەوەن .
یەکشەممەی رابردوو، هێزەکانی “هەسەدە” ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە دژی شانەکانی “داعش” و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و “تێکدەرەکان” راگەیاند، دوای ئەوە “ئەحمەد ئەلخەبیل”یان لە سەرکردایەتی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور دوورخستەوە، بە گوێرەی نوێکارییەکانی رۆژانەی خۆیان.
هاوپەیمان نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە داوای “دەستبەجێی وەستاندنی” پێکدادانەکان دەکات و دەڵێن: “ئەو لایەنە زیانبەخشانە بەڵێنی پاداشتی زۆر دەدەن، بەڵام تەنها نەهامەتی و ئازار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەهێنن”.
لە راگەێنراوەکەدا هاتووە “لە کاتێکدا ئێمە هەڵوێستی خۆمان بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەپارێزین، بە توندی داوا لە هەموو هێزەکان دەکەین دەستبەجێ شەڕەکە رابگرن و بگەینە چارەسەرێکی ئاشتیانە کە رێگەخۆشکەر بێت تا سەرنجمان لەسەر ئامانجی هاوبەشمان بێت لە شکستی بەردەوامی داعشدا”.