ئەندامانی “ئەحرار شەرقییە” دەستدرێژی دەکەنە سەر گەنجانی کورد لە گوندەواری عەفرین

عەفرین – نۆرس پرێس

دوینی شەممە، گروپی “ئەحرار ئەلشەرقیە”ی لایەنگری تورکیا هێرشیان کردە سەر چەند گەنجێکی کورد، لە کاتی گەڕانەوەیان لە کار، لە دەروازەی گوندی مەعبەتلی لە گوندەواری عەفرین.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، گرووپی “ئەبو عوەید دیبان”ی سەر بە “ئەحرار ئەلشەرقییە” کە تورکیا پاڵپشتی دەکات، حەوت گەنجی کوردیان ناچارکردووە لە بارهەڵگرێک دابەزن کە مەبەست لێی گواستنەوەی کرێکارانی کشتوکاڵی بووە، لەکاتێکدا دەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، لە گوندی مەعبەتلی لە گوندەواری رۆژئاوای عەفرین.

ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەندامانی گروپەکە بەشێوەیەکی دڕندانە لە گەنجەکانیان داوە، دووان لەو گەنجانە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی عەفرین، دوای ئەوەی بە سەختی برینداریان کردوون.

ئاماژەشیان بەوەدا، کە هاوڵاتیانی کوردی عەفرین ترسیان هەیە لە “جموجوڵی تۆڵەکارانە” لەلایەن میلیشیاکانی “جەیش وەتەنی”یەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە دێرەزوور دەگوزەرێت.

هێرشەکانی “جەیش وەتەنی” کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ سەر هاوڵاتییانی کورد لەم دواییانەدا زیادی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بێدەنگی نێودەوڵەتی لەمبارەوە بەدیدەکرێت.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان