سەرۆککۆماری عێراق بۆ لایەنە سیاسییەکان: ئارامیی کەرکووک بپارێزن

هەولێر – نۆرس پرێس

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، “ئارامیی کەرکووک” بپارێزن.

دوای دروستبوونی گرژی لە خۆپێشاندانەکەی دوێنی شەممەی شاری کەرکووکدا، کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی شەهیدبوونی چوار هاوڵاتی کورد، سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “بەو پەڕی نیگەرانییەوە چاودێریی پیشهاتەکانی دۆخی پارێزگەی کەرکووک دەکەین.”

سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، “لە کاتێکدا کە ئێمە هەمیشە جەخت لە پێداگریی بەهێزی خۆمان لەسەر بەرقەرابوونی ئاشتی لە تەواوی وڵات دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا، داوا لە هەموو ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بەم پێشهاتە خەمبارکەرانەوە هەیە دەکەین، خۆیان لە هەر هەڕەشەیەک یان بەکارهێنانی هێز بەدوور بگرن؛ هەروەها داوا لە هەموو لایەک دەکەین، بەرژەوەندیی گەل و سەقامگیریی وڵات بخەنە سەرووی هەر بەرژەوەندییەکی دیکە.”

لەتیف رەشید جەخت لەسەر “گرنگیی پەنابردن بۆ گفتوگۆی بونیادنەرانە وەک ئامرازێکی پێویست بۆ ئارامکردنەوەی گرژییەکان “دەکاتەوە، لەپێناو “پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی عێراق بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، هەروەها بۆ ئەوەی بوار بە تیرۆریستان نەدرێت پرسەکان تێکەڵ بکەن و سەقامگیریی تێکبدەن و خوێنی عێراقییەکان حەڵال بکەن.”

سەرۆککۆماری عێراق دەشڵێت، “کەرکووک لە رابردوو و ئێستاش هێمای برایەتیی عێراقی و کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان بووە و رێگە بە شێواندنی ئەو وێنەیە نادەین”.

سەرۆککۆماری عێراق داوا لە حکومەتی فیدراڵی و هێزە ئەمنییەکان دەکات کە “دەستوەردانی جیدی بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی شارەکە، پاراستنی ئاسایش و سەروەریی یاسا بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی دادپەروەرانە.”