ئاڵوزیەکانی کەرکوک بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاوڵاتی کورد و بریندار بوونی ژمارەیەکی دیکە

هەولێر – نۆرس پرێس

دۆخی کەرکوک تا دێت زیاتر نا ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت و ناکوکی زیاتر پەرەدەسەنێت لەنێوان هاوڵاتیانی کورد و هاوڵاتیانی عەرەب.

ئاڵوزیەکانی کەرکوک بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاوڵاتی کورد و بریندار بوونی ژمارەیەکی دیکە، بەو هۆیەوە هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو سنوری پردێ جوڵەیان پێکراوە.

دوای تێکچوونی ڕەوشی کەرکوک و گرژی و ئاڵوزیەکان، هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیش بەرەو شارۆچکەی پردێی سەر بەشاری کەرکوک جوڵەیان پێکرا.

میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەواڵی جوڵەپێکردنی ئەو هێزانەیان پشتڕاست کردەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هێزێکی زۆری پێشمەرگەی کوردستان بە هۆی ئاڵۆزییەکانی کەرکوکەوە گەیشتوونەتە پردێ.

هەروەها لەلایەکی ترەوە هاوشێوەی نائارامییەکانی شاری کەرکوک لە گوندەوارەکانی دێرەزووریش بەردەوام نائارامی هەیە کە لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و “ڕژێمی سوریا”ەوە بەڕێوەدەبرێت.

 کاربەدەستانی رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای دەکەن کە بەڵگە هەیە بۆ ئەوەی کە نائارامییەکانی دێرەزوور لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران و ڕژێمی سوریاوە پاڵپشتی دەکرێن و دەیانەوێت ئارامی و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا تێکبدەن.

ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، کە ئێران و ڕژێمی ئەسەد دەیانەوێت ئەم نائارامیانە لە ئەنجامی ململانێی نەتەوەیی نێوان عەرەب و کورد وێنابکرێت و سەرنجی سوورییەکان لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی باشووری سووریاوە لابدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە هەوڵێک بووە لەلایەن هەردووکیانەوە بۆ دوورخستنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سوریا کە یەکێکە لە ئامانجەکان و یهەوڵێکیشە بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزی و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەم پرسە بە وێناکردنی دۆخەکە وەک ئەوەی کە لەلایەن هۆزە عەرەبەکانەوە ئەم ڕووداوانە ڕوودەدەن.

ئاشکراشی دەکەن کە ململانێکانی گوندەوارەکانی دێرەزوو کاریگەری دوور مەودایان هەیە، و کاردانەوەی جیۆپۆلەتیکی فراوانتریان هەیە، جگە لەوەی سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، هەربۆیە دۆخەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قووڵ و سەرنجی جیهانی هەیە.

جێی ئاماژەیە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردەکانی شاری کەرکوک خۆپیشاندانیان کرد و داوایان کرد کە ئەو خێمانە لاببرێن ئەوانەی کە خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان چەند رۆژێکە لەبەردەم بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك هەڵیانداوە.

بەپێی زانیاریەکان، ئەو خێمانە بۆ ئەوە هەڵدراون کە رێگە بگرن لە راده‌ستكردنه‌وه‌ی بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك بە پارتی دیموکراتی کوردستان، كه‌ پێشتریش هەر هی خۆیی بووه‌.