هاوڵاتیانی كورد لە كەركوك خۆپیشاندان و نارەزایەتییان دەربری دژی داخستنی رێگای هەولێر – کەرکوک  و گرژی و ئاڵوزی لێکەوتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە هاوڵاتیانی كورد لە شاری كەركوك خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داوای كردنەوەی رێگای نێوان كەركوك-هەولێریان کردووە كە لەلایەن ژمارەیەك هاوڵاتی عەرەبەوە داخرابوو بەڵام گرژی و ئاڵوزی تێکەوت.

بەپێی زانیاریەکان، هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەرەو شارۆچکەی پردێی سەر بە کەرکوک جوڵەی پێکرا، چونکە دۆخی کەرکوک ناجێگیرە.

بەگوێرەی زانیاریەكان، هاوڵاتیانی گەڕەكە کوردنشینەکان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان ئەنجامداوە و داوادەكەن، رێگای نێوان هەولێر- كەركوك بكرێتەوە كە لەلایەن چەند هاوڵاتیەكی عەرەبەوە لەنزیك گەڕەكی شۆراو ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە داخراوە.

خۆپیشاندەرانی گەرەکە کوردنشینەکان شەقامی سەرەكیان داخست كە نزیكەی دو كیلۆمەتر لە خۆپیشاندەرانی هاوڵاتیە عەرەبەكانەوە دوربوو و ناڕەزایەتی بەرامبەر بەداخستنی ئەو ڕێگا سەرەكیە دەربڕین.

هێزە چەکدارەکانی کەرکوک تەقەیان بەڕووی خۆپێشاندەران کرد و لە ئەنجامدا خۆپێشاندەرێک کوژرا و 14ی دیکەش برینداربوون.

لای خویەوە محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە تەواوی پارێزگای كەركوك و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی بەرفراوان لە شوێنی خۆپیشاندانەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی كەركوك بەرێوەچوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركوك قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاند و بڕیاردراوە بە قەدەغەی هاتووچۆ لەسەرتاسەری شەقام و رێگەوبانەكانی كەركوك و هەركەسێكیش پابەندی بڕیارەكە نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

پۆلیسی پارێزگای كەركوك لەئاگادارینامەیەكدا بۆ هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای كەركوك بڵاویكردەوە، هەموو هاوڵاتییان ئاڕاستە دەكەین کە بچنەوە بۆ ماڵەكانیان و شەقامەكانیش چۆڵ بكەن و خۆیان بەدوربگرن لە دروشم و قسەی ناڕاست بۆ تێكدانی دۆخی شارەكە.

هەر بەگوێرەی ئاگادارینامەكە، فەرماندەیی پۆلیس و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرتاسەری شاردا جێبەجێ دەكەن، هەر کەسێكیش پابەند نەبێت، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەنجامدەدرێت.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە ژمارەیەك هاوڵاتی عەرەب رێگای سەرەكی هەولێر- كەركوكیان داخستووە و داوادەكەن، بڕیاری پێدانەوەی بارەگاكان بە پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە و رێگە نەدرێت بارەگا و بیناكان بدرێنەوە بەو حزبە.