کیێڤ: چەکەکانمان توانای ئەوەیان هەیە لە دوری 1500 کیلۆمەترەوە ئامانجەکان بپێکن

هەولێر- نۆرس پرێس

سکرتێری ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاسایش و بەرگری ئۆکرانیا رایگه‌یاند، وڵاتەکەی توانیویەتی بە بەکارهێنانی چەکەکانی بگاتە ئامانجەکانی ناو خاکی روسیا کە لە دوری هەزار و 500 کیلۆمەترەوەیە.

ئۆلێکسی دانیلۆڤ، سکرتێری ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاسایش و بەرگری ئۆکرانیا رایگه‌یاند، ئامانجە دورەکانی روسیا چیتر تەحەدایەک نین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئۆکرانیا ماوەیەکە بەرنامەی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆی پەرەپێدەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو موشەکانەی لەسەر خاکی روسیا بەکاردەهێنرێن، ئۆکرانین، بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی سەر ئامانجە سەربازییەکانی روسیا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کیێڤ بۆ پاڵنانی هێزەکانی کرێملن بۆ دواوە لەو شەڕەی کە زیاتر لە 18 مانگ لەمەوبەر دەستیپێکردوه‌.

ئۆلێکسی دانیلۆڤ ئاماژەی بە بەرنامەی موشەکی ئۆکرانیا کرد، کە لە ساڵی 2020ەوە جێبەجێ کراوە و زۆرێک لە کۆمپانیاکان بەشدارن لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا توانای پێكانی ئامانجەکانیان هەیە نەک تەنها لە دوری 700 کیلۆمەتر، بەڵکو تەنانەت لە دوری هەزار و 500 کیلۆمەتر، جەختی لەوە کردەوە، کە کیێڤ تەنها هێرش دەکاتە سەر ئامانجە سەربازییەکان.

روسیا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی پەرەسەندنی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر مۆسکۆ و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بوەتەوە لە کاردانەوە بە لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.