واشنتۆن و مۆسکۆ پێشێلکارییە ئاسمانییە هاوبەشەکانی سوریا لە ماوەی مانگێکدا هەژمار دەکەن

دیمەشق-نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) حەوت پێشێلکاری ئاسمانی مەترسیداری راگەیاند کە سەربازانی رووسیا لە ئاسمانی سوریا لە ماوەی مانگی ئابدا ئەنجامیانداوە، لە بەرامبەردا مۆسکۆ واشنتۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ماوەی هەمان مانگدا 353 پێشێلکاری ئاسمانی لە وڵاتەکەدا ئەنجامداوە.

پات رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، کردەوەکانی فرۆکە رووسییەکان “ناسەلامەت و ناپرۆفیشناڵن”، ئاماژەی بەوەشکرد، فرۆکەکانی رووسیا بە “مانۆری شەرانگێزانە” فریون، کە زۆربەیان لە ماوەی هەزار پێدا بوون”.

رایدەر داوای لە رووسیا کرد “ئەم چالاکییە بێباکانە رابگرێت”، دەشڵێت: “داوا لە هێزی ئاسمانی رووسیا دەکەین ئەم چالاکییە بێباکانە رابگرێت، بەڵام بەبێ گوێدانە ئەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە گرنگیدان بە ئەرکەکەمان بۆ دڵنیابوون لە شکستی هەمیشەیی داعش”.

لە هەمان کاتدا، ڤادیم کۆلێت، جێگری سەرۆکی ناوەندی رووسیا بۆ ئاشتەوایی لە سوریا، وتی کە فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مانگی ئابدا 353 جار پرۆتۆکۆڵەکانی رێگریکردن لە پێکدادان و یاداشتێکی دوولایەنەیان سەبارەت بە سەلامەتی فرۆکەوانی لە سوریا “پێشێلکردووە”.