ئیلهام ئەحمەد: نائارامییەکانی گوندەوارەکانی دێرەزوور لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و ڕژێمی سوریاوە بەڕێوەدەبرێن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، نائارامییە بەردەوامەکانی گوندەوارەکانی دێرەزوور لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و “ڕژێمی سوریا”ەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەحمەد، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، بەداخەوە ئەم پێکدادانانە ڕووداوی گۆشەگیر نین و بەڵگەش هەیە بۆ ئەوەی کە ئەم نائارامییە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران و ڕژێمی سوریاوە پاڵپشتی دەکرێت کە دەیانەوێت ئارامی و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا تێکبدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران و ڕژێمی ئەسەد دەیانەوێت ئەم نائارامیانە لە ئەنجامی ململانێی نەتەوەیی نێوان عەرەب و کورد وێنابکرێت و سەرنجی سوورییەکان لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی باشووری سووریاوە لابدەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە هەوڵێک بووە لەلایەن هەردووکیانەوە بۆ دوورخستنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سوریا کە یەکێکە لە ئامانجەکان و هەوڵێکیشە بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزی و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەم پرسە بە وێناکردنی دۆخەکە وەک ئەوەی کە لەلایەن هۆزە عەرەبەکانەوە ئەم ڕووداوانە ڕوودەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ململانێیانە کاریگەریی دوور مەودایان هەیە، و کاردانەوەی جیۆپۆلەتیکی فراوانتریان هەیە، جگە لەوەی سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، هەربۆیە دۆخەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قووڵ و سەرنجی جیهانی هەیە.
جەختی لەوەشکردەوە کە دەبێت ئاشتی و پەیوەندیکردن لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە لەم کاتە سەختەدا لە پێشینەی کارەکاندا بێت، چونکە خەڵکی ئەو ناوچانە شایەنی ئاسایش و سەقامگیرین چونکە پێشتر ئازاریان چێشتووە.