هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی ئیڤان فایەق جابرو وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، 179 ئاوارەی دیكەی ئێزیدی بۆ ناوچەكانی نیشتەجێبونی ڕەسەنی خۆیان لە قەزای شەنگال گەڕاونەتەوە كە لە كەمپی ئاوارەكانی پارێزگای دهۆك بوون.
ئیڤان فایەق جابرو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی پلانی وەزارەت بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبون لە وڵاتدا، 179 ئاوارەی دیكەی ئێزیدی لە كەمپی ئاوارەكانی دهۆك گەڕێندرانەوە بۆ ناوچە رەسەنەكانی نیشتەجێبونیان لە قەزای شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگای نەینەوا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆسەر زێدی خۆیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و حكومەتە ناوخۆییەكان لە هەردوو پارێزگای دهۆك و نەینەوا بووە، لەگەڵ دەستەبەركردنی ئاسایش و ئارامی بۆ گەڕانەوەیان بەهاوكاری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە هەمو هەوڵەكان یەكبخرێن بە مەبەستی بەردەوامبون لە كاركردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ چاودێریكردنی ئاوارە گەڕاوەكان و ئاسانكاری بۆ ڕێكارەكانی بەمەبەستی گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەكانی دیكە بۆ شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان.