ئەنجومەنی سەربازی مەنبیج بەرپەرچی هێرشێکی میلیشیاکانی سەر بە تورکیای دایەوە

مەنبیج – نۆرس پرێس

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، شەڕڤان دەروێش، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبیج رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشێکی زەمینی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیایان بەرپەرچداوەتەوە.

دەروێش لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازی وەڵامی هێرشە زەمینییەکانیان دایەوە لە گوندەواری باکوور و رۆژئاوای مەنبیج، ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستاش پێکدادان لە نێوان هەردوولادا بەردەوامی هەیە.

هێرش بۆ سەر مەنبیج هاوکاتە لەگەڵ هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور، کە سەرچاوە ئەمنی و مەیدانییەکانی نۆرس پرێس رایانگەیاندووە، کەوا “ئەمنی عەسکەری” حکومەتی دیمەشق لە پشت ئەو هێرشانەوەن.

یەکشەممەی رابردووش، “هەسەدە” هەڵمەتێکی سەربازی بە ناوی “پتەوکردنی ئاسایش” راگەیاند، بەپێی راگەینراوە فەرمییەکانی، هەڵمەتەکە ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”، بازرگانانی مادەی هۆشبەر و “تێکدەران”ی کردە ئامانج، دوای ئەوەش لەکار دوورخستنەوەی ئەحمەد ئەلخەبیل (ئەبو خەوڵە)شیان راگەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی پێشێلکاری و تاوان دژ بە دانیشتوانی ناوچەکە و پێشێلکردنی سیستەمی ناوخۆیی “هەسەدە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش