“تەحریرشام” دوو سەرکردەی بیانی رادەستی دەوڵەتی تورکیا دەکات

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، دەزگای ئەمنی سەر بە دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو)، دوو فەرماندەی بیانی لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە، لە باکووری ئیدلب رادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دەزگای ئەمنی سەر بە دەستەی تەحریرشام ، بە ئامادەبوونی “موغیرە بەدەوی”، کە کەسێکی نزیکە لە جولانی، دوو سەرکردەی بە رەگەز بیانی رادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە لە ئیدلب”.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، کە یەکێ لە سەرکردەکان خاوەنی رەگەزنامەی بەلجیکییە، بەناوی “ئەبو سەعید ئەلبەلجیکی” و لە مانگی نیسانی ساڵی 2022ەوە لە ئیدلب دەستبەسەرە، هەروەها سەرکردەی دووهەمیان خاوەنی رەگەزنامەی ئوسترالییە و ناوی “ئەبو محەمەد ئەلئوسترالی”یە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە هاوڵاتییە بەلجیکییەکە، بە یەکێک لە سەرکردە سەربازییەکان نزیک لە رێکخراوی “قاعیدە” دادەنرێت، ​​پاش ململانێ ناوخۆییەکان لە “بەرەی نوسرە” جیابووەتەوە، لە کاتێکدا ئوسترالییەکە سەرکردەیەکی سەربازی ناسراوی هەمان بەرە (نوسرە) بووە لە نێو ئەو کەسانەی پێیان دەگوترێت “موهاجیرین”.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی