هەولێر- نۆرس پرێس
پۆلیسی نەوت و گازی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە هەشت مانگی ڕابردوودا 100 شوێنی بەقاچاغبردنی نەوت و سووتەمەنی ئاشكرا بوون و چەند وێستگەیەكی نایاسایی سووتەمەنییش دەستیان بەسەردا گیراوە.
لیوا زافر حوسێنی، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی نەوت و گاز لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕاگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەكوو کۆتایی ئەم مانگە 100 شوێنی بەقاچاغبردنی نەوت ئاشكرا كراون و دەستیان بەسەردا گیراوە.
باسی لەوەشکرد، نزیكی 500 تانکی نەوتی قاچاغیش لە ئۆپەڕاسیۆنەكاندا گیراون، لەو 100 شوێنەی بە قاچاغبردنی نەوت 558 تۆمەتبار دەستگیرکراون و سێ وێستگەی نایاسایی سووتەمەنیش دەستیان بەسەرداگیراوە.
لیوا زافر حوسێنی ڕوونیشی كردەوە، دەست بەسەر 25 هەزار لیتر سووتەمەنیدا گیراوە كە قاچاغچییەكان بەنیاز بوون بۆ دەرەوەی عێراق بنێرن.
رۆژی چوارشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق له ڕاگهیانراوێكدا ئاشكرای كرد، له ماوهی چوار مانگی ڕابردوودا توانرا پێش بە بهقاچاغبردنی زیاتر له یهك ملیۆن لیتر سووتەمەنی و بەرهەمە نهوتییەکاندا بگیرێت.
جەختیشی کردووەتەوە كه تیمهكانی دهزگاكه 124 تۆمهتباری بهقاچاغبردنی نەوتیان بهپێی یاداشتی دهستگیركردنی یاسایی دهستگیرکردووە، جگه لهدهستبهسهرداگرتنی شوێنێك كه بۆ عهمباركردن و بهقاچاغبردنی نهوت بهكاردەهێنرا.