تەندروستیی سلێمانی ئاشکرای دەکات کە  10 کەس تووشی کۆلێرا بوون

هەولێر- نۆرس پرێس

بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، رۆژانە زیاتر لە 100 نەخۆشی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان دەکەن. ئەو پشکنینانەی بۆ بەغدا نێردرابوون، ئەنجامەکەیان گەڕاوەتەوە و دەرکەوتووە 10 کەس تووشی کۆلێرا بوون. 

ئەمڕۆ پێنج شەممە، زانکۆی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی و رێکخراوی تەندروستی جیهانی، پانێلێکیان لەبارەی نەخۆشیی کۆلێرا و پەتای سکچوون و رشانەوە رێکخست، دوای پانێلەکان دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی لەبارەی زیادبوونی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە و بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە سلێمانی رێکخست.

دکتۆر سەباح هەورامی رایگەیاند، رۆژانە زیاتر لە 100 نەخۆشی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەکانە حکومییەکان دەکەن، ئەوە جگە لەوانەی سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن، بەڵام مەرج نییە هەموویان تووشی کۆلێرا بووبن، تائێستا نزیکەی 10 کەس تووش بوون، بۆیە پێویست ناکات هاوڵاتیان نیگەران بن، تەنیا نیگەرانی ئەوەیە، پێویستە ئاوی پاک بەکاربهێنن و ئەگەر هەر کەسێک تووش بوو، راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکات و چارەسەر وەربگرێت و خۆپارێزیش بکات، چونکە نەخۆشییەکە دەگوازرێتەوە.

بەگوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، نەخۆشی کۆلێرا زیاتر لەم وەرزە بڵاودەبێتەوە و راشیگەیاند، هەموو ساڵێک کۆلێرا هەیە، گرنگ ئەوەیە زیاد نەکات، ترسەکە لەوەیە ئەو کەسانەی تووش دەبن، ئەگەر چارەسەر وەرنەگرن رەنگە بە چەند کاتژمێرێک گیان لەدەست بدەن یان گورچیلەکانیان لەدەست بدەن، یان کۆمەڵێک لێکەوتەی دیکەیان تێدا دەربکەوێت.

بەڕێوبەری تەندروستیی سلێمانی داوای لە هاووڵاتییانی شاری سلێمانی و دەوروبەری کرد؛ هۆشیاربن لەوەی پەتای سکچوون و رشانەوە هەیە، گوتیشی: بەشێک لە هۆکارەکانی پەتاکە، بەکتریا یان زیندەوەری کۆلێرایە، بۆیە پێویستە هاووڵاتی لە جاران زیاتر هۆشیار بن و پابەندبن بەو رێنماییانەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بڵاویان دەکاتەوە. ئەم بابەتە بابەتێکی زۆر سادەیە و پەیوەندیی بە ئاوی خورادنەوەیە، کە دەبێتە هۆکاری گواستنەوەی ئەو جۆرە زیندەوەرانە، چ کۆلێرا بێت یان هەر زیندەوەرێکی دیکە، کە دەبێتە هۆی سکچوون و رشانەوە.