هەولێر- نۆرس پرێس
بە پێی سەرچاوەکان، رۆژی دووشەممەی داهاتوو سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی روسیا دەکات و لەگەڵ هاوتا ڕوسییەکەی لە شاری سۆچی وتوێژ دەکات.
سەرچاوە فەرمییەکانی تورکیا پشتڕاستیان کردەوە، کە رۆژی دووشەممەی داهاتوو ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی روسیا دەکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، هاوتا ڕوسییەکەی لە شاری سۆچی کۆدەبێتەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سهرۆكایهتی روسیا (کرێملن) رایگەیاند، بەم نزیکانە کۆبونەوەی نێوان سەرۆک کۆماری روسیا و تورکیا لە ڕوسیا بەڕێوەدەچێت.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، کە ئەردۆگان لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی ڕوسیا دەکات و لەگەڵ هاوتا ڕوسیەکەی سەبارەت بە ڕێککەوتنی دانەوێڵە وتوێژ دەکات.
هەروەها هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی مۆسکۆی کردووە و چاوی بە سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا ڕوسیەکەی دەکەوێت و سەبارەت بە دابینکردنی دانەوێڵەی روسیا بۆ تورکیا گفتوگۆ بكهن.
هەروەها بڕیارە ئەو دوو وەزیرە بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەن لەبارەی دۆخی ئێستای قەیرانی ئۆکرانیا و ڕێگاکانی ئەگەری چارەسەرکردنی سیاسی و دیپلۆماسی.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکردوە، لهگهڵ توركیا تاوتوێی پێشنیازێکی مۆسکۆ دەکەن، کە بەدیلێک بۆ رێککەوتنی دانەوێڵە لە دەریای رەشدا دەدۆزێتەوە، بەپێی ئەو پێشنیازە، روسیا یەک ملیۆن تۆن دانەوێڵە بە نرخێکی کەم ڕەوانەی تورکیا دەکات، بە پاڵپشتی دارایی قەتەر، بۆ پرۆسێسکردنی لە تورکیا و ناردنی بۆ ئەو وڵاتانەی زۆرترین پێویستیان پێیەتی.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئاماژەی بە ئەو رێککەوتنە کرد کە روسیا لە مانگی تەمموزدا لێی کشایەوە، رایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە بە بەدیلێک بۆ ڕێککەوتنی دەریای ڕەش دەزانین.