میدیاکان: سەرۆکی چین بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی وڵاتانی 20 لە هیندستان ناکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئاژانسێک بە گێرانەوە لە سەرچاوەکان بڵاویکردەوە، شی جینپینگ سەرۆکی چین ناچێتە لوتکەی گروپی 20 لە هیندستان و لەبری ئەوە چاوەروان دەکرێت لی کیانگ سەرۆک وەزیران نوێنەرایەتی چین بکات.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، پێدەچێت شی جینپینگ بەشداری لە لوتکەی گروپی 20 نەکات کە بریارە هەفتەی داهاتوو لە هیندستان بەرێوەبچێت و بریارە لی کیانگ سەرۆک وەزیران نوێنەرایەتی چین بکات لە لوتکەی 9-10ی ئەیلولدا.
هیندستان لە یەکەمی کانوونی دووەمی 2022 تا 30ی تشرینی دووەمی 2023 پۆستی سەرۆکایەتی گروپی 20ی گرتە ئەستۆ و بریارە لە 9 و 10ی ئەیلوولی 2023، لوتکەی سەرکردەکانی جی 20 لەسەر ئاستی سەرۆکی دەوڵەتان/حکومەتەکان لە نیودەلهی بەرێوەبچێت .
کۆمەڵەی 20 کۆرێکی نێوان حکومەتەکانە کە 19 وڵات و یەکێتی ئەوروپا لەخۆدەگرێت، کە 85%ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی و 75%ی بازرگانی نێودەوڵەتی و دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن و ئامانجی چارەسەرکردنی پرسە سەرەکییەکانی پەیوەست بە ئابووری جیهانییە، وەک سەقامگیری دارایی نێودەوڵەتی، کەمکردنەوەی گۆرانی کەشوهەوا و گەشەپێدانی بەردەوام.
کۆمەڵەی وڵاتانی 20 لەساڵی 1999 دامەزراوە، ئەم کۆمەڵەیە لە ئاکامی ئەو قەیرانە داراییە دروسست بوو کە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیایی گرتەوە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا.
پێشتر وەزیری هیندستان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا جی 20 ڤلادیمێر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بانگهێشت دەکات بۆ لوتکەی خۆی وتی: لە وەڵامی پرسیارەکەتدا سەبارەت بە زێلێنسکی و جی 20 سنووردارە بە ئەندامانی گروپەکە.هەروەها بۆ هەندێک وڵات و رێکخراوی دیکە کە بانگهێشتمان کردبوو بۆ لوتکەکە.”