سوەیدا.. کشانەوەی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە بازگە سەربازییەکان و چەند ناوچەیەکی دیکە

سوەیدا – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممه، هێزەکانی حکومەتی له چەند بازگە و خاڵی پشکنین لە سوەیدا و گوندەوارەکەی کشانەوه، کە ماوەی دوو هەفتەیە ناوچەکە ناڕەزایەتی دژ بە رژێمی سوریا بەخۆوە دەبینێت.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هێزەکانی حکومەتی سوریا لە هەندێک خاڵی پشکنین کشاونەتەوە، وەک بازگەی وادی ئەلموزڵیم، لە شارۆچکەی رەحا، لە گوندەواری باشووری سوەیدا، هەروەها بازگەی وەلگا لە گوندەواری باشووری شارەکە، جگە لە چۆڵکردنی ئەو بازگانەی کە دەکەونە ناوچەی زەهر ئەلجەبەلەوە، لە رڕۆژهەڵاتی شارەکە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خاڵە سەربازییەی کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی عەریقە و ئەلخەرساوە، ئەندامانی ئەمنیی سەربازیی لێی کشاونەتەوە، لەکاتێکدا هێزەکانی حکومەت لەوێ ماونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هەندێک خاڵی سەربازی بەهێزکراون، هەروەها کارمەندانیشی گۆڕدراون، وەک خاڵی پشکنینی سەد ئەلعەین لە نزیک شاری سەلخد لە گوندەواری باشوور.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بازگە بچووکەکان لە ئەلحەواج چۆڵکراون، هاوکات بازگەی هێزە سەربازییەکان کە خاڵی پشکنینیان تێدایە پارێزراون، وەک بازگەی شەهبا لە گوندەواری باکوور، بەنداوی ئەلعەین لە گوندەواری باشوور، جگە لە خاڵێکی پشکنینی سەربازی لە دەروازەی گەڕەکی ئەلقەلعە لە ناو شاری سوەیدا.

ئامادەکردنی: رەزان زەینەدین – داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی