رووسیا باس لە خستنەخوارەوەی “درۆنێکی ئۆکراینی” دەکات لە نزیک مۆسکۆ
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، سیستمی بەرگری ئاسمانی لە ناوچەی ڤۆسکرێسنکی کە 60 کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە دوورە، درۆنێکی خستووەتە خوارەوە کە بەرەو مۆسکۆ بەڕێوەبووە.
سۆبیانین رایگەیاند، “درۆنەکە لە لایەن هێزە ئاسمانییەکانی رووسیاوە خراوەتە خوارەووە، هیچ زیانیکی گیانی و ماددی بەهۆی خستنە خوارەوەی درۆنەکە تۆمار نەکراوە، تیمەکانی فریاکەوتن هەرزوو گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە”.
سۆبیانین باسی لەوە نەکرد، کە درۆنەکە سەر بە چی لایەنیکە، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەرووسیا دواتر رایگەیاند، درۆنەکە ئۆکراینی بووە.
لە سەرەتای مانگی ئایارەوە هێرشی درۆنی لە ئۆکرایناوە بۆ سەر رووسیا زیادیکردووە، یەکێک لە دیارترین ئەو هێرشانەش کە کرایە سەر رووسیا هێرشێکی درۆنی بوو بۆ سەر کۆشکی کرێملن، کە رووسیا تۆمەتەکەی دایە پاڵ ئۆکراینا.
بەهەمان شێوە، شەوی چوارشەممەی رابردوو، ژمارەیەک هێرشی درۆنی لە ئۆکرایناوە بۆ سەر رووسیا ئەنجامدران. یەکێک لە هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی پسکۆڤ بوو، لە نزیک سنووری ئیستۆنیا لە رۆژئاوای رووسیا.