دەست بەسەرداگرتنی زیاتر لە 100 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا لە هەولێر

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، دەست بەسەر زیاتر لە 100 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا.

ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەرێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە ئاسایشی گشتی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێزەکانیان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستیان بەسەر 101 کیلۆگرام حەبی کیپتاگۆن و چەند کیلۆگرامێک کریستاڵ و هیرۆین و پێنج ئامێری قومارکردندا گرتووە.

هەرووەها رەتیشیکردەوە کە هیچ پارت و لایەنێکی سیاسی لە پشت هێنانی ئەو ماددە هۆشبەرانەوە بن و رایگەیاند، “ئەو ماددانە لە وڵاتانی دراوسێوە و بە هاوکاری خەڵکانێك دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان”.

ئەرکان بیبانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە زۆربەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان تەمەنیان لە نێوان 18-35 ساڵیدایە و رێژەی بەکارهێنەرانیشی لە نێو ئافرەتاندا 10٪ زیادیکردووە.