
سەرچاوەکان: ئوردن دەروازەیەکی بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە ناو خاکی سوریادا بۆردوومان دەکات
سوەیدا – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوە تایبەتەکان لە باشووری گوندەواری شاری سوەیدا رایانگەیاند، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردن کێڵگەیەکیان لە نزیک گوندی ئەلغاریە نزیک بە سنووری ئوردن لە باشووری شارەکە بۆردومان کردووە، ئەوەشیان پشتڕاستکردەوە، کە ئەو کێڵگەیە یەکێکە لە دەروازەکانی بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە سوریاوە.
بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، ستوونی دوکەڵ لە کێڵگەکەوە بەرزبوونەتەوە و دەنگی فڕۆکەکان پێش دەنگی تەقینەوەکە بیستراون.
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە ئەمە دووەم بۆردومانی سوپای ئوردنە لە ناو خاکی سوریادا، دوای کوشتنی “مەرعی ئەلڕەمسان” چەند مانگێک لەمەوبەر، کە یەکێک بوو لە گرنگترین “قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر بۆ ئوردن”.
راشیانگەیاند، ئەم ناوچەیە بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بەردەوام بۆ کردەوەکانی قاچاخچێتی بۆ ناو ئوردن بەکاردەهێنرێت.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە “رووداوەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، هاوکات بۆردومانەکە بووەتە هۆی سووتانی تەواوەتی کێڵگە ئامبەئامانجکراوەکە”.