تورکیا هێزی زیاتری رەوانەی سوریا کرد
ئیدلب – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، تورکیا هێزی سەربازی زیاتر رەوانەی بنکەکانی کرد لە پارێزگەی ئیدلب لە باکوری رۆژئاوای سوریا.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ 30\8\2023، هێزەکانی تورکیا لە رێگەی دەروازەی سنوری کفرلوسین لە نێوان تورکیا – سوریا، لە باکووری ئیدلب، هێزی سەربازیی نوێیان رەوانەی بنکەکانی کردووە لە جەبەل زاویە، باشووری ئیدلب، کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو بۆردومانەکانی روسیا لە ناوچەدا زیاتیکردوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، کاروانی هێزەکەی تورکیا لە 18 ئۆتۆمبێلی سەربازی، زریبۆش، بارهەڵگر،ماددەی لۆجستی و پارچەی کۆنکرێتی و بولدۆزەری سەربازی پێکهاتووە.
رەوانەکردنی هێزی زیاتر لە لایەن تورکیا بۆ ناوچەکانی پارێزگەی ئیدلب هاوکاتە لەگەڵ چربوونەوەی هێرشەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر شارۆچکەکانی فتەیرە، کفرعەوید، سفوهین، کەنسەفرە و بارا لە جەبەل زاویە لە باشووری ئیدلب، و عەنکاوی و سەرمانییە و دویر ئەکراد لە دۆلی غاب لە رۆژئاوای پارێزگەی حەما.
هەروها دوانیوەرۆی دوێنێ 30\8\2023 فرۆکە جەنگییەکانی رووسیا پێنج هێرشی ئاسمانی هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشوری پارێزگەی ئیدلب.