“هەسەدە” شەهیدبوونی ئەندامێکی و دوو هاوڵاتی سڤیلی لە گوندەواری دێرەزوور راگەیاند
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند، لەئەنجامی رێگریکردنی چەکدارێک لە یەکێک لە کاروانەکانیی هێزەکانیان لە شارۆچکەی ئەلشەحیل لە رۆژهەڵاتی گوندەواری دێرەزوور، یەکێک لە شەڕڤانەکانیان و دوو هاوڵاتی دیکەی سڤیل شەهید بوون.
“هەسەدە” لە بەیاننامەکەیدا، کە دوێنێ لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان بڵاویانکردووەتەوە، رایگەیاند، “لە کاتی بەرەوپێشچوونی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی (بەهێزکردنی ئاسایش)، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە گوندەواری دێرەزوور دەستیانپێکردووە، کۆمەڵێک چەکدار رێگرییان لە کاروانێکی هێزەکانیان کردووە لە شارۆچکەی ئەلشوحەیل لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزۆر”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لە ئەنجامی رێگریکردنی گروپە چەکدارەکە بەرامبەر بە کاروانەکەی “هەسەدە”، “شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانیان و چەکدارەکاندا دروستبوو، بەهۆی ئەمەوە یەکێک لە شەڕڤانەکانیان و دوو هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون”.
روونیشیانکردەوە، ئۆپەراسیۆنی “بەهێزکردنی ئاسایش” بە بەدواداچوون بۆ “داعش” و ئەندامە تاوانکارەکانیان، پێی ناوەتە چوارەمین رۆژی خۆیەوە، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی ئەو پلانە و ئەو ئامانجانەی بۆی دانراوە بەردەوامە.
لە کۆتایی راگەێنراوەکەدا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە رووداوەکە دەستپێدەکات و تاوانباران و ئەوانەی پەیوەندییان پێوە هەیە دەستگیر دەکرێن و دادگایی دەکرێن و توندترین سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.