دیمەشق – نۆرس پرێس
دوو ساڵ دوای کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە پاراستنی ئەمریکا لە “هەڕەشە تیرۆریستییەکان” لە ئەفغانستان و هەموو جیهان، بەڵام بەبێ “بوونی هەمیشەیی هێز لەسەر زەوی”.
لە 30ی ئابی 2021 ئەمریکا کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی لە ئەفغانستان تەواو کرد و کۆتایی بە شەڕی 20 ساڵە هێنا.
دوو هەفتە پێشتر و لە 15ی ئابدا، بزووتنەوەی تاڵیبان کابولی پایتەختی کۆنترۆڵکرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 30\8\2023 بایدن لە بەیاننامەیەکدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، وتی: دوو ساڵ لەمەوبەر ئەمریکا کۆتایی بە شەڕی نزیکەی دوو دەیە لە ئەفغانستان هێنا، کە درێژترین شەڕە لە مێژووی ئەمریکادا.
لەو کاتەوە تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد و ئیدارەی بایدنیش بەهۆی کشانەوەی کتوپڕ لە ئەفغانستانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە.
ئێستا تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕێگری لە کچان دەکات دوای پۆلی شەشەم بنەرەتی بچنە قوتابخانە و سەرجەم میدیای سەربەخۆ داخست و خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان دەستگیردەکات.
سەرەڕای ئەو ڕەخنانە، بایدن “قوربانیانی” شەری ئەفغانستان کە بە درێژەی شەڕەکە کوژران و برینداربوون بیرهێنایەوە.
لە 20 ساڵی شەری ئەفغانستان دوو هەزار و 461 سەربازی ئەمریکی کوژران و 20 هەزار و 744 سەربازیش برینداربوون.
بادین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا توانی نزیکەی 120 هەزار کەسی بگواسێتەوە، لە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی گواستنەوەی ئاسمانی لە مێژوودا.
بایدن بەڵێنیدا وڵاتەکەی لە هەڕەشەکانی “تیرۆریستی” لە ئەفغانستان و سەرتاسەری جیهان بپارێزێت.
بادین پاساو بۆ بڕیارەکەی واشنتۆن بۆ کشانەوە هێنایەوە و وتی: “سەلماندمان کە پێویستمان بە بوونی هەمیشەیی هێز نییە لەسەر زەوی بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاو بەرامبەر تیرۆریستان و ئەو کەسانە بگرینەبەر کە دەیانەوێت زیانمان پێ بگەیەنن.