سەرۆککۆماری عێراق و نێردەی سەرۆکی تورکیا کاروباری ئاو تاوتوێدەکەن

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق لە بەغدا لەگەڵ فەیسەڵ ئۆغلو، نێردەى سەرۆکى تورکیا بۆ کاروبارى ئاو کۆبووەوە.

بەگوێرەى راگەیێندراوێکى سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا لەتیف رەشید رایگەیاندووە، عێراق چەند پێشنیارێک دەداتە تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەى قەیرانى ئاو، بەمەبەستى تاوتوێکردن، رێککەوتن و گەیشتن بە ئەنجامى کۆتایی کە مایەى جێبەجێکردن بێت لەبارەى پشکى ئاوى عێراق لە ئاوى ئەو رووبارانەى کە لە تورکیاوە دەڕژێنە نێو عێراقەوە.

لە راگەێنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا هاتووە، کە سەرۆککۆمارى عێراق بەگرنگى زانیوە تورکیا پلانى بەردانەوەى ئاو و زانیارى لەبارەی بڕی بەردانەوەی ئاوی رووبارى دیجلە و فورات بدەنە عێراق.

بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق، بڕى ئاوى هاتوو لە تورکیاوە بۆ هەریەکە لە رووبارى دیجلە و فورات کەمترە لە 250 مەترسێجا، کە بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دەبێت بۆ هەریەکەیان 500 مەترسێجا بێت لە چرکەیەکدا.