هەولێر- نۆرس پرێس
بە پێی راپۆرتێکی جیهانی تایبەت بە پێوەرەکانی دڵخۆشی گەلانی جیهان و لە کۆی زیاتر لە 140 وڵات کە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە لە سەرژمێرییەکەدا، عێراق لە دوایین ریزبەندیی جیهانیی دڵخۆشترین گەلانی جیهاندایە کە دەکاتە پلەی 109، هەروەک لە دوایین ریزبەندی وڵاتانی عەرەبیشدایە کە دەکاتە پلەی 12.
بەگوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری (CEOWORLD) کە تایبەتەمەندە بە ئامار و سەرژمێری جیهانی، ریزبەندیی دڵخۆشترین گەلانی جیهان بۆ ئەمساڵ خرایەڕوو و تێیدا گەلی سویسرا بەختەوەرترین گەلی جیهان دەستنیشانکراوە، دوای ئەویش ئایسلەندا، دانیمارک، نەرویج و فینلاند دێن، دوابەدوای یەک.
سیستمی هەڵسەنگاندنی گۆڤارەکە بە پێی حەوت پێوەری گرنگ لەبەرچاوگیراوە، کە بریتیین لە هاوسەنگی نێوان ژیانی کار و ژیانی تایبەتی تاکەکانی کۆمەڵگە، دابینکردنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی لەلایەن حکومەت، داهاتی تاکەکان، چاودێری تەندروستی، ئاستی گەندەڵی، پەروەردە و ئازاد رادەڕبڕین.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، عێراق لە ریزبەندی 109 ی ریزبەندییە جیهانییەکەدایە و پاشانیش، ئەفغانستان، یەمەن و رواندا بەدوایدا دێن.
بە پێی ریزبەندی وڵاتە عەرەبییەکان، ئیمارات پلەی یەکەمی لە ریزبەندی دڵخۆشترین گەلانی عەرەبی و پلەی 29ی لە ریزبەندی دڵخۆشترین گەلانی جیهانیدا بەدەستهێناوە.
بە پێی ریزبەندی وڵاتە عەرەبییەکان، بەحرەین پلەی دووەم و دواتر سعودیە، کوەیت، مەغریب، جەزائیر، لیبیا، تونس، لوبنان، ئوردن، میسر و عێراق دوابەدواییەک لە ریزبەندییەکەدان, ئەوەش بەو مانەیە دێت کە عێراق پلەی 12ی بەدەستهێناوە و پاشان یەمەن دێت لە پلەی 13دا.