هەولێر- نۆرس پرێس
لە ماوەی پێنج مانگی رابردودا ئێران نزیکەی 55 ملیۆن و 900 هەزار تەن شتومەکی بۆ وڵاتانی دەرەوە هەناردە کردوە، کە بەهاکەی 19 ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە، لە نێویاندا عێراق بە پلەی دووەم دێت، کە قەبارەی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی بە تەنها لەو ماوەیەدا بە بەهای سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
ئاژانسی هەواڵی ئیلنا-ی ئێرانی بە پشتبەستن بە گومرگی ئێران، بڵاویکردەوە، قەبارەی کاڵا هاوردەکراوەکان بۆ ئێران لە ماوەی پێنج مانگدا بە کۆی گشتی 14 ملیۆن و 400 هەزار تەن کاڵا بووە و بەهاکەی 24 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە، کە بە رێژەی 2.17% لە کێش و 7.49% لە ڕوی قەبارەوە زیادیکردوە.
راپۆرتەکە ڕێژەی سەدی گۆڕانکارییەکانی هەناردەکردنی کاڵا ئێرانییەکان بۆ دەرەوەی وڵات لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردودا ئاشکراکردوە و ئەو راستییە دەخاتەڕوو کە هەناردەکردنی کاڵا نانەوتییەکان، لە ڕووی بەهاوە بە ڕێژەی 8.55% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە لە روی نرخەوە.
هەروەها بەگوێڕەی ڕاپورتەکە ئەو پێنج وڵاتە سەرەکییانەی کە ئێران کاڵاکانی هەناردەدەکات ئاشکرای دەکات، بە بەهای پێنج ملیار و 600 ملیۆن دۆلار کاڵا بۆ چین هەناردەکراوە، هەروەها بە بەهای سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق، ئیمارات نزیکەی دوو ملیار و 300 ملیۆن دۆلار، تورکیا دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار و هیندستانیش بە بەهای 845 ملیۆن دۆلار بووە کاڵای بۆ رەوانە کراوە.
لە لایەکی دیکەوە راپۆرتەکە ئاماژەی بە بەهای هاوردەکردنی کاڵای وڵاتان بۆ ئێران دەکات و دەڵێت، لەو ماوەیەدا هاوردەکردن لە ئیمارات 7.3 ملیار دۆلار، چین 7.1 ملیار دۆلار، تورکیا 2.5 ملیار دۆلار، ئەڵمانیا 879 ملیۆن دۆلار و هیندستان بە بەهای 813 ملیۆن دۆلار کاڵایان بۆ ئێران ناردوە.
هەروەها ئاماژە بە بەهای هاوردەکردنی جۆرە جیاوازەکانی مۆبایل بۆ ئێران دەکات لەو پێنج مانگەدا کە بەهاکەی 913 ملیۆن دۆلار بووە، کە هاوتایە بە 3.77%ی کۆی بەهای هاوردەی ئەو وڵاتە.
بەپێی ئەو راپۆرتە، کێشی ترانزێتی دەرەکی لە رێگەی ئێرانەوە بە ڕێژەی 5.4% زیادیکردوە و گەیشتوەتە 6.2 ملیۆن تەن.