گۆڕانکاری دیمۆگرافی بەردەوامە.. تورکیا ئۆردوگایەکی نوێ لە گوندەواری عەفرین بونیاتدەنێت

عەفرین – نۆرس پرێس

رێکخراوە ناوخۆییەکان، بە هەماهەنگی و پاڵپشتی تورکیا، بەردەوامن لە بونیاتنانی ئۆردوگایەکی نوێ بۆ هاوردەکان، کە دەیان یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، لە دارستانەکانی گوندی کفر رۆم لە گوندەواری عەفرین، لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمەش لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە بەردەوامەکانی تورکیادا دێت لە ناوچەکە، لە دوای داگیرکردنی ئەو شارەوە لە ساڵی 2018 وە.

سەرچاوە ناوخۆییەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، رێکخراوەکانی “سەواسیە” و “SDI” کە لە باکووری سوریا کاردەکەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی “HHRD” بۆ فریاگوزاری و گەشەپێدان، هەڵدەستن بە بونیاتنانی ئۆردوگای “ئەهل ئەلخێر” بۆ نیشتەجێکردنی عەرەب و تورکمانی هاوردەکراو بۆی.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆردوگاکە جگە لە دوکان و بازاڕ لە 18 یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت و هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوونیش لە 12 شوقە پێکهاتووە.

ئەو ئۆردوگا یان شوێنە نیشتەجێبوونە کە بە دووری 1 کم لە رۆژهەڵاتی گوندی کفر رۆمەوە دوورە، لەسەر خاکی دارستانی گوندی کفر رۆم لە گوندەواری قەزای شەران دروست کراوە، کە لە ماوەی رابردوودا سەرجەم درەختەکانی کێوەکە، لەلایەن میلیشیای “سوڵتان موراد”ی لایەنگری تورکیاوە بڕانەوە، بە سەرپەرشتی سەرکردەکەیان “عرابە ئیدریس”، بەپێی هەمان سەرچاوەکان.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە، کە ئەنجومەنی خۆجێیی ناحیەی شرانی لایەنگری تورکیا ناوی ئەو خێزانانەی تۆمار کردووە کە لە گوندەکەدا دەژین، بۆ تەرخانکردنی ژمارەیەک شوقە بۆیان، کە زۆربەیان بۆ کەسوکاری ئەندامانی میلیشیای سوڵتان موراد دانراون.

رێکخراوی HHRD رێکخراوێکی جیهانی فریاگوزاری و پەرەپێدانی مرۆییە کە دەبێت وەڵامدەرەوەی کارەساتە مرۆییەکان بێت، لە حاڵەتە لەناکاو و کارەساتەکاندا لە سەرانسەری جیهاندا، هەروەها کار لەسەر بەرنامەی فریاگوزاری و گەشەپێدانی درێژخایەن دەکات.

ژمارەی ئەو ئۆردوگانەی کە لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بە تورکیا و کوەیت و فەلەستین و قەتەرەوە لە ناوچەی عەفرین دروستکراون نزیکەی 29 ئۆردوگان، کە لە ناوچەکانی شەران، شییە/ شێخ حەدید، جندرێس، بولبول و راجوی نزیک شاری عەفرین دابەشکراون، بەپێی ئەوەی نۆرس پرێس لە رێگەی تۆڕی پەیامنێرەکانیەوە لە ناوچەکە چاودێری کردوون.

ئامادەکردنی: سیوار حەمۆ – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد