عەفرینی داگیرکراو.. لە شەر و پێکدادانی نێوان میلیشیاکانی تورکیادا بریندار کەوتەوە
عەفرین – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، شەڕی چەکداری نێوان گروپەکانی سەر بە “جەیش وەتەنی” بەخۆوەبینی، کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، بەهۆی ناکۆکی نێوان میلیشیاکان لەسەر داگیرکردنی دوو خانووی دانیشتوانی رەسەنی ناوچەکە، بەم هۆیەشەوە دوو کەس بریندار بوون.
سەرچاوە خۆجێیەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، پاشنیوەڕۆی دوێنێ لە گەڕەکی ئەشرەفیەی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، شەڕ و پێکدادانی چەکداری لە نێوان چەکدارانی خێڵی ئەلمەوالی سەر بە میلیشیای “جەیش ئەلشەرقییە” و کەسانی دیکەی سەر بە خێڵی ‘ئەلهەیب”ی سەر بە گروپی “سوڵتان موراد”دا روویدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێکدادانەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە بووەنە هۆی برینداربوونی دوو کەس لە خێڵی ئەلهەیب و هۆکاری کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان ئەو دوو لایەنە لەسەر داگیرکردنی دوو خانوو لە گەڕەکی ئەشرەفیە کە سەر بە دانیشتوانە رەسەنەکەی ئەو گەڕەکەن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، ئەو دوو گروپەی پێشتر باسمان کرد لە چەند ناوچەیەکی عەفرین و گوندەوارەکەی کبوونیان هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترسیان لای دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دروست کردووە، کە ناو بەناو پەرەدەسێنێت بۆپێکدادانی سەربازی و بەکارهێنانی چەکی قورس لە نێوان ئەو میلیشیانەدا.
گروپە چەکدارییەکانی سەر بە “جەیش وەتەنی”ی سوریا لە سەرەتای ساڵی 2018ەوە بە تەواوی شاری عەفرین و گوندەوارەکەیان داگیر کردووە و لەو کاتەوە ناوچەکە بە دۆخێکی پشێوی ئەمنی و شەڕی بەردەوامی نێوان گروپە سەربازییەکانی ناو “جەیش وەتەنی” دڵسۆزی ئەنقەرەدا تێدەپەڕێت.