چالاکییەکانی یەکەمین ڤیستیڤاڵی ئەدەبی لە رەققە بەردەوامن

رەققە – نۆرس پرێس

لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە، دەستەی رۆشنبیریی بەڕێوبەریی خۆسەریی یەکەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی دەستپێکردووە، کە لە ناوەندی رۆشنبیری شاری رەققە لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت.

هاوسەرۆکی دەستەی رۆشنبیری، مرهەف فەهد، بە نۆرس پرێسی راگەیاند “فێستیڤاڵەکە چەندین چالاکی رۆشنبیری و ئەدەبی لەخۆدەگرێت، وەک شیعر و کورتە چیرۆک و رۆمان”.

فەهد ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە ئەدەبییە پەرەپێدانی ئەدەب و رۆشنبیرییە، هەروەها هەوڵدەدات هەموو نووسەرانی ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کۆبکاتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکە بۆ تێکەڵکردنی کولتوورەکان.

راشیگەیاند، بڕیارە یەکەم فێستیڤاڵی ئەدەبی بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت، رۆژی یەکەم بۆ شیعر، دووەم رۆژ بۆ کورتە چیرۆک، سێیەمیش بۆ رۆمان.

بە گوتەی هاوسەرۆکەکە، کۆمەڵێک نووسەر و رۆشنبیر لە هەموو ناوچە و شارەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە بەشداریان لەم فێستیڤاڵەدا کردووە.

ئامادەکردنی: فەیاز محەمەد – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی