بەرێوبەرایەتی خۆسەر پێکهێنانی “لیژنەی بێسەروشوێنەکان” لە باکوری سوریا رادەگەیەنێت
قامشلۆ – نۆرس پرێس
رۆژی سێشەممە، بەرێوبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پێکهێنانی “لیژنەی بێسەروشوێنبووانی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا”ی راگەیاند، ئەمەش لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا بریارنامەیەکی لەو بارەیەوە پەسەند کرد.
وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە بەیاننامەیەکدا، کە لە ماڵپەرەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، کە دواتر وادەی دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەکە و چۆنیەتی پەیوەندیکردن لەگەڵیدا رادەگەیەنرێت.
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکردنی رەشنووسی بریارنامەی دامەزراندنی دامەزراوەیەک بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە سوریا راگەیاند.
لە بریارنامەکەیدا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنەکانی ململانێی سوریا کردووە، هاوکاری تەواوی لەگەڵ ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە سەربەخۆیە بکەن کە بریاری دامەزراندنی داوە.
بەپێی بەیاننامەکەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر، “ئەم دامەزراوەیە پێکدێت لە لیژنەیەکی ناوەندی کە بنکەکەی لە شاری قامشلۆیە و لیژنەی لاوەکی لە ناوچە جیاوازەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر.”
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە گەرانەکان “بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای رەگەز، نەتەوە، ئایین یان مەزهەب ئەنجام دەدرێن.”
بەپێی خەمڵاندنە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی بێسەروشوێنەکان لە سوریا لە ساڵی 2011ەوە نزیکەی 100 هەزار کەسە، بەڵام پێش ئەم وادەیە کەسانی بێسەروشوێن بوونیان هەیە و پێدەچێت ژمارە راستەقینەکان لەوە زیاتر بن.