حکومەتی سوریا وادەی گەڕانەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب بۆ خزمەتگوزاری ئاشکرا دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی گواستنەوەی سوریا، ڕایگەیاند، ئەمشەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب دەگەڕێتەوە بۆ خزمەت، دوای ئەوەی زیانەکانی بۆردومانەکەی ئیسرائیل چاککرانەوە.

بەرەبەیانی دووشەممە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە،  ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی کردە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب لەکاربخات.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، پێشبینی دەکرێت داخستنی فڕۆکەخانەکە تا 72 کاتژمێر بخایەنێت.

 فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب زۆرجار لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرش دەکرێتە سەر،  بەهۆی ئەو هێرشانەوە فڕۆکەخانەکە لە خزمەتگوزاری لەکاردەکەوێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی