بەهۆی درووستبوونی کێشەیەکی ئەلیکترۆنی کارکردنی لە 12 کارگەی درووستکردنی ئۆتۆمبێل راگیرا
هەولێر – نۆرس پرێس
کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی درووستبوونی کێشەیەکی ئەلیکترۆنی، کارکردنی لە 12 کارگەی درووستکردنی ئۆتۆمبێل راگرت و بڕیاریشە کارکردن لەسەرجەم کارگەکانی خۆى لە ژاپۆن رابگرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز، لەسەر زاری گوتەبێژێکی کۆمپانیاکە بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە پارچەی نوێى ئۆتۆمبێلەکە داوابکەن، کارەکانیان وەستاوە، بەڵام گوتەبێژەکە دووردەیبێنێت، راگرتنەکە بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە بووبێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانى ئاژانسەکە، رێژەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە کۆمپانیای تۆیۆتا لەشەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە سەدا 29 زیادیکردووە، لە دوای ئەوەی ساڵی رابردوو، بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە کۆمپانیاکە راگیرا و کۆمپانیاکە لە نرخی 13 هەزار ئۆتۆمبێل زیانی بەرکەوت.
تۆیۆتا تەنها لە ژاپۆن 26 کارگەى هەیە و بڕیارە ئەمڕۆ کارکردن لە کۆى کارگەکانى لە وڵاتەکە رابگرێت.