دیمەشق– نۆرس پرێس
میدیاکانی رووسیا بڵاویانکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی هاوتا رووسییەکەی گفتوگۆ دەکات، هاوکات چەند راپۆرتێکی نێودەوڵەتیش شوێنی جیاوازیان بۆ ئەنجامدانی وەها کۆبوونەوەیەک دیاریکردووە.
ئاژانسی “تاس”ی رووسی لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی نێوان پوتین و ئەردۆغان پێش دەستپێکردنی حەفتا و هەشتەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 19ی ئەیلولدا ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو وادەیە هێشتا لەژێرراوێژدایە، چونکە پوتین و ئەردۆغان بەنیازن “بە شێوەیەکی بەرفراوان باس لە ئاسۆکانی چارەسەری ئاشتیانە” بۆ ململانێکانی ئۆکرانیا بکەن، لەنێویاندا رێککەوتنی دانەوێڵە و ئەڵتەرناتیڤە پێشبینیکراوەکان.
پێشتر سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی تورکیا رایگەیاندبوو کە دیدارێکی نێوان پوتین و ئەردۆغان لە سوچی ئەنجامدەدرێت، کە پێدەچێت لە 4ی ئەیلولدا بێت.
جگە لەوەش گوتەبێژی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان لە تورکیا، دوێنێ دووشەممە رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەم نزیکانە سەردانی رووسیا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێککەوتنە هەڵوەشاوەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە رێگەی دەدا بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ دەریای ڕەش.
عومەر جیلیک، گوتەبێژی ئاکەپە رایگەیاند، ئەردۆغان “بەم زووانە” سەردانی هاوینەهەواری سوچی رووسیا لە دەریای رەش دەکات، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئایا چاوی بە ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا دەکەوێت یان نا.
ناوبراو بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، “دوای ئەم سەردانە، رەنگە پێشهاتەکان رووبدەن و قۆناغی نوێ سەبارەت بە گرێبەستی دانەوێڵە بگاتە ئاستێک”.
هەینی رابردوو، کرێملین رایگەیاند، لێکتێگەیشتنێک هەیە کە هەردوو سەرکردەکە بەم زووانە بە شێوەی دووقۆڵی کۆببنەوە.