حەسەن نەسڕوڵا هۆشداری دەدات لە ململانێیەکی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
حەسەن نەسروڵڵا سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان هۆشداری دا لەوەی کە پەرەسەندنی سەربازی لە رۆژهەڵاتی فورات دەکرێت پەرەبسێنێت بۆ ململانێیەکی هەرێمی.
ئەمەش لە گوتارێکی تەلەفزیۆنی ئێوارەی دوێنێ دووشەممەدا هات، کە تیایدا ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر کێڵگە نەوتییەکان بپارێزێت.
نەسروڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا رێگری دەکات لە گەڕانەوەی نەوتی سوریا بۆ دەستی دیمەشق، بە ناسەقامگیرکردنی دۆخەکە تۆمەتباری دەکات، بە مەبەستی درێژکردنەوەی “داگیرکردنی ئەو ناوچانەی کە یەدەگی سەرەکی نەوتی سوریایان تێدا چڕبووەتەوە”، وەک خۆی دەڵێت .
نەسروڵڵا بانگەشەی ئەوەی کرد، کە سوپای سوریا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا، رۆژهەڵاتی فوڕان “بەئاسانی ئازاد دەکات”، ئەوەش لە جەنگیاندا لەگەڵ ئەمریکییەکان نەک لەگەڵ پێکهاتە کوردییەکان، بەگوێرەی ئەوەی میدیاکانی نزیک لە حیزبوڵا لە گوتارەکەیدا بڵاویانکردەوە.
بەگوتەی ئەو، “ئەم جەنگە بەشێوەیەکی ریشەیی هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگۆڕێت”.
نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا هەن، بۆ پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا دەیەوێت سنووری سوریا و عێراق دابخات، گوتی “ئەوە تەنها خەیاڵە و رێگەیان پێنادەین”.
ئەو سەرکردەیەی لایەنگری ئێرانی شیعە باسی لەوە کرد کە ئەمریکا رێگری لە چارەسەریی لە نێوان کورد و حکومەتی سوریادا دەکات.