شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو گرووپی چەکداری سەر بە حکومەتی دیمەشق لە شاری حەلەب

حەلەب – نۆرس پرێس

رۆژی دووشەممە لە گەڕەکی ئەشرەفیە لە شاری حەلەب لە باکووری سووریا شەرو پێکدادان لە نێوان دوو گرووپی چەکداری سەر بە هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق سەریهەڵدا.

سەرچاوە ناوخۆییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ  شەرو پێکدادان لەنێوان بنەماڵەی حزوری و بەکاری لە گەڕەکی ئەشرەفیە لە شاری حەلەب ڕوویداوە و ئەوانیش دوو گروپن کە پاڵپشتی هێزەکانی حکومەت دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری پێکدادانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی لەسەر کاریگەریی باڵادەستیان لەسەر گەڕەکەکە و ناکۆکییان لەسەر کۆنترۆڵکردنی بەشێکی گەڕەک.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا، ناکۆکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەینی ڕابردوو کاتێک ئەندامێکی بنەماڵەی بەکاری بە ناوی ئەحمەد سوبحی بەکاری برینداربووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی عوسمان لەناو گەڕەکەکەدا، بەڵام ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە، و دواتر بووەتە هۆی شەرو پێکدادان.

ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتوانی گەڕەکی ئەشرەفیە و گەڕەکەکانی دراوسێی لە دۆخێکی ترسدا دەژین بەهۆی ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە چەندین کاتژمێر درێژەی کێشاوە و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەردەوامی هەبوو.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا کەسێک بە ناوی بەدر مەرداڵی کوژراوە، هەروەها دوو کەسیش لە بنەماڵەی حزوری برینداربوون، هاوکات هێزەکانی حکومەت تا ئێستا  نەیانتوانیوە شەرەکە کۆنترۆڵ بکەن، دانیشتوانی گەرەکەکەش لە نێو ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین.

ئامادەکردنی: ئاردو جەوید – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی